حكومه‌تى كۆریا ته‌رخانكردنى بڕى 300,000 دۆلارى ئه‌مه‌ریكى ڕاگه‌یاند بۆ دابینكردنى پێداویستیه‌كانى زستانه‌ى كامپه‌كانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان

له‌ ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ڕێكه‌تى 7/9/2020 به‌ڕێز/ هۆشنك محمد، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌یرانه‌كان له‌ باڵه‌خانه‌ى ناوه‌ند پێشوازى كرد له‌ به‌ڕێز/ چۆى كوانگ جین، كونسوڵى گشتى كۆمارى كۆریا  كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمى ته‌رخانكردنى بڕى 300,000 دۆلارى ئه‌مه‌ریكیان بۆ دابینكردنى پێداویستیه‌كانى زستانه‌ى كامپه‌كانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕاگه‌یاند.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر دواپه‌ره‌سه‌ندنی بارودۆخه‌ مرۆییه‌كان و هه‌ل و مه‌رجه‌ هه‌نووكه‌ییه‌ مرۆییه‌كان كرد له‌ هه‌رێمى كوردستان، جگه‌ له‌مه‌ش پێداویستیه‌كانى بوارى مرۆیی و كاریگه‌رى په‌تاى كۆڕۆنا له‌سه‌ر په‌نابه‌رانى ناوخۆ و پیداویستیه‌ له‌ پێشینه‌كانیان.

به‌ڕێز/ چۆى ڕایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تى كۆمارى كۆریا بڕیاریداوه‌ كه‌ بڕى 8 ملیۆن دۆلارى ئه‌مه‌ریكى به‌ عێراق ببه‌خشێت له‌ ڕێگاى ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان. هاوكات  300,000 دۆلارى ئه‌مه‌ریكیش ڕاسته‌وخۆ بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ رێگه‌ى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان  ته‌رخانكراوه‌ بۆ دابینكردنى پێداویستیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى ڕۆژانه‌  و پێداویستیه‌كانى زستانه‌ى كامپه‌كانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و بوارانه‌ش كه‌ بڕه‌ هاوكاریه‌كه‌ى بۆ خه‌رج ده‌كرێت له‌سه‌ر داواكارى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌.

به‌ڕێز/ هۆشنگ سوپاس و پێزانیى خۆى بۆ هاوكاریه‌ به‌رده‌وامه‌كانى كۆمارى كۆریا ده‌ربڕى و وه‌ ڕۆڵى به‌رچاوى كونسوڵخانه‌ى كۆریاى له‌ هه‌ولێر به‌رز نرخاند له‌ له‌ دابینكردنى هاوكاریه‌كان و پته‌وكردنى هه‌ماهه‌نگیه‌كان.

هاوكاری مرۆیی كۆمارى كۆریا له‌ ساڵى 2016وه‌ ساڵانه‌ دابین ده‌كرێت وه‌كو پاڵپشتیه‌ك بۆ هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ یارمه‌تیدانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان نیشته‌جێن.

 

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!