بەڕێوەچوونی خولێکی ڕاهێنان لە شاری سلێمانی تایبەت بە درووستکردنی (تیمی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی – Rapid Response Unit) لە لایهن ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەكان (JCC) بە پاڵپشتی ئاژانسی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری تەکنیکی (THW)ی ئەڵمانی.
یەکەی وەڵامدانەوەی خێرا، یەکەم گروپی خۆبەخشی فەرمییە لە هەرێمی کوردستان و لە ڕێکەوتی (٢٨/١١/٢٠١٨) بەفەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران دامەزراوە بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، شایەنی باسە بەشداربووانی خولەکە پێکهاتبوون لە (کارمەندانی کەرتی گشتی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و خۆبەخشان).
تیمی وەڵامدانەوەی خێرا لەكاتی ڕوودانی هەر كارەساتێكی سروشتیی یاخود قەیرانێكی مرۆیی هاوكاریی تیمەكانی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت بۆ ڕزگاكردنی ژیانی هاوڵاتیان، ئەم تیمە لە شاری هەولێر پێشتر ڕاهێنانی پێکراوە و سەرجەم کەلوپەلەکانیان بۆ دابین کراوە و ئێستا ئامادەیە بۆ کارکردن و هەروەها لە ئایندەیەکی نزیکدا هەمان تیم لە پارێزگای دهۆک ڕاهێنانیان پێ دەکرێ و کەلوپەلی پێویستییان بۆ دابین دەکرێ.
بیرۆکەی دروستبوونی ئەم تیمە بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی ئەڵمانیا وەرگیراوە وەلێ بە گونجاندن لەگەڵ واقیعی هەرێمی کوردستان کاری پێ دەکرێ.