ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و ناوه‌ندى نێوده‌وڵه‌تى بۆ په‌ره‌پێدانى سياسه‌تى كۆچ ( ICMPD ) کۆکن لەسەر هاوکاری کردنی کۆچبەران

لە ڕۆژی دووشەممە ٨ی شوباتی ٢٠٢١ بەڕێز هۆشەنگ محمد بەشداربوو لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلایندا لەگەڵ ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی کۆچ بە سەرۆکایەتی خاتوو سەدەف دیرینگ سەرۆکی پرۆژەی سکرتاریەتی بۆداپیست،  کۆبوونەوەکە بە بەشداری بەڕێز شوکر یاسین بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و كۆچبەران و ژماره‌ك ئەندامی تری JCC و ICMPD بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز هۆشەنگ باسی لە پەیکەری نوێی JCC و لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران کرد کە ئێستا بووەتە بەشێک لە JCC، باسی کار و پڕۆژەکانی JCC کرد لە کاتی دامەزراندنیەوە تاکو ئێستا و تیشکی خستە سەر بەرپرسیاریەتیەکانی JCC وەکو: بەڕێوەبردنی کۆچ و کۆچبەران، ئاوارەکانی ناوخۆ، پەنابەران، گەڕاوەکان، وەڵامدانەوە و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، کۆکردنەوەو جێگیرکردنی هاوکاری و کۆمەک، هەماهەنگی و هاوبەشی و وەڵامدانەوەی قەیران و کارەسات.

هەروەها، باسی لە کاری پێشینەی ناوەند و پلانەکانی بۆ بەڕێوەبردنی کۆچ و پشتگیری کردنی گەڕاوەکان کرد لە هەرێمی کوردستان و دانانى میکانیزمى گونجاو بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى زانيارى هه‌ڵه‌ دەربارەی کۆچ.

دواتر خاتوو سەدەف باسی لە پڕۆژە و کارەکانی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی کۆچ کرد لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیری کردنی حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی کۆچ و کۆچبەران، وتیشی کەوا خۆشحاڵە بە بەردەوامی دان بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەند لەو کەرتە گرینگە و تیشکی خستە سەر چەند بابەتێکی گرینگ کە پێویستە کاری لەسەر بکرێ و ئامادەیی خۆیانی ڕاگەیاند بۆ هاوکاری کردنی ناوەند لە داهاتوودا.

لە کۆتاییدا، هەردوو لایەن گفتووگۆیان دەربارەی کۆچ کرد و کۆک بوون لەسەر جەندین هەنگاو کە پێویستە بنرێ و پلانیان دانا بۆ کۆبوونەوەیەکی تر لە داهاتوویەکی نزیک بۆ پلاندانان بۆ هەماهەنگی نێوان JCCC و ICMPD.