ئەمڕۆ سێشەممە ٣١ی ئابی ٢٠٢١ بە ئامادەبوونی بەڕێز هۆشەنگ محمد بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان و بەڕێز د. دلۆڤان محمد فاتح جلال بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر قۆناغی دووەمی ڕاهێنانی پیشەیی بۆ ژمارەیەک خۆبەخشی دەرچووانی بەشی تەندروستی ڕاگەیاند کە ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیێکی هاوبەشە لە نێوان هەردوو لایەن بەڕێوەدەچێت بە پاڵپشتی دارایی لە لایەن ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی لە چوارچێوەی بەرنامەی قودرە ٢.
لە کۆی گشتی ٣٠٤ خۆبەخش لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکانی هەرێمی کوردستان دانراون، ئەم خۆبەخشانە لەسەر کۆمەڵێک بنەما و مەرج هەڵبژێردراون و بە پڕۆسەیێکی ڕوون و ئاشکرا تێپەڕیون. ئەم پرۆژەیە بۆ ماوەی ٢ مانگ بەردەوام دەبێت و لەم ماوەیەدا بە بەردەوامی ڕاهێنانیان پێدەکرێ و پەرە بە تواناکانیان دەدرێ. ڕێکخراوی GIZ پشتگیری دارایی پڕۆژەکەی لە ئەستۆ گرتووە و لە کۆتاییدا دوای تەواو بوونی ئەم ڕاهێنانە خۆبەخشەکان بڕوانامەی تایبەتیان پێ دەدرێت.
شایەنی باسە ڕێکخراوی GIZ بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان چەندین پڕۆژەی سەرکەوتوویان هەبووە و ئامانج لەم پڕۆگرامەش بەهێز کردنی توانای خۆبەخشەکان و ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ دەرچووانی بەشە پزیشکیەکان و بەکارهێنانی تواناکانیانە لە داهاتوودا لە کاتی پێویست.