ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان / كۆبونه‌وه‌ى هاوبه‌ش

له‌به‌ر ڕۆشنايي سێيه‌م كۆبونه‌وه‌ى ليژنه‌ى باڵاى ڕاوێژكارى له‌ نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى عێراق و نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتوه‌كان كه‌ له‌ هه‌ولێر له‌ رێكه‌وتى 28 نۆڤه‌مبه‌ر2016 ئه‌نجامدرا. به‌مه‌به‌ستى خێراتركردنى پڕۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان به‌ تايبه‌ت له‌ ده‌شتى نه‌ينه‌وا، پێشنياركرا كۆبونه‌وه‌يه‌ك له‌م باره‌يه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێ، كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى عێراق له‌ ڕێكه‌وتى 30/11/2016 ئه‌نجام درا به‌ به‌شدارى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداركان له‌ حكومه‌تى عێراق و نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتوه‌كان. له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا دواى گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنى گشت پرس و لايه‌نه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ ره‌وه‌شى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و چۆنيه‌تى ده‌ست پێكردنى پڕۆسه‌ى دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ژێرخانى خزمه‌تگوزارييه‌ گشتيه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ چه‌ندين پێشينار و راسپارده‌ گه‌ڵاڵه‌كران‌، دواى په‌سه‌ندكردنى له‌لايه‌ن سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانه‌وه‌ ده‌چنه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

جێگاى ئاماژه‌پێدانه‌ به‌شداربووان پێكهاتبوون له‌ (ئه‌ميندارى گشتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى عێراق، ڕيكخه‌رى هه‌ماهه‌نگى مرۆيي نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ و پارێزگارى نه‌ينه‌وا، بريكارى وه‌زاره‌ته‌كانى كاره‌با، شاره‌وانى، نه‌وت، ناوخۆ و ته‌ندروستى و بازرگانى و كۆچ و كۆچبه‌ران).