ڕۆژی دووشەمە، ٢ی شوباتی ٢٠١٧، لە ڕێوڕەسمێکدا کە لەلایەن ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) و ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاریی تەکنیکی (THW) ڕێکخرابوو؛
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز کەریم سنجاری و وەزیری پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەڵمانیا، بەڕێز گێرد مۆلەر و پارێزگاری هەولێر، بەڕێز نەوزاد هادی هەروەها بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بەڕێز هۆشەنگ موحەمەد و جێگری سەرۆکی بەشی نێودەوڵەتی لە ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاریی تەکنیکی، بەڕێز فلۆریان وێبەر و سەرۆکی بەشی پرۆگرامەکانی ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستان، خاتوو سارا کەنزلمان، بەردی بناغەی بنیادنانی ناوەندێکی لۆجیستیان بۆ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دانا.
ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاریی تەکنیکی دوو سەنتەری لۆجیستی لە هەولێر و دهۆک بۆ ناوەند بنیاد دەنێت بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران. دوو پڕۆژەکە لە لایەن فەرمانگەی ئەڵمانی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (BMZ) پاڵپشتی دارایی کراوە و بڕی نزیکەی (١،٨ ملیۆن) یۆرۆی تێدەچێت.
ناوەندە لۆجیستیەکان یەکێکن لەو پێویستیە سەرەکییانەی کە یارمەتی (JCC) دەدەن بۆعەمبارکردن و دیاریکردنی یارمەتییە مرۆییە هەرە لە پێشینەکان بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانە مرۆییە هەنوکەییەکان و حاڵەتی لەناکاوی تازە لە هەرێمی کوردستان، جا چ دەستکرد بێت یان کارەساتی سرووشتی.
ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاریی تەکنیکی، یەکێکە لە هاوبەشە سەرەکییەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و بە بەردەوامی لە ڕووی تەکنیکیەوە پاڵپشتی ناوەندی کردووە و چەندین دەرفەتی خول و ڕاهێنان و ئامرازەکانی هەماهەنگی زۆر پێویستی بۆ ڕەخساندووە لە ساڵی ٢٠١٦.
بنیادنانی ئەو دوو سەنتەرە لۆجیستییەش درێژەی ئەو پاڵپشتیانەیە کە ئاژانسی ناوبراو پێشکەشی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی دەکات بۆ بەهێزکردنی توانای وەڵامدانەوە و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان.