بە ئامانجى هاوکارى کردنى زیاترى هەرێمى کوردستان و لە چوارچێوەى پەرەپێدانى بەرنامەى کارى هاوبەش و گەیاندنى پەیامى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ دوو شەممە ڕێکەوتى 6/2/2017 فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە ئاژانسە نێودەوڵەتیە حکومیەکان کە لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە وێڕاى بەخێرهێنانى میوانەکان سوپاسى ئەو ئاژانە نێودەوڵەتیانەى کرد کە لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کاردەکەن بۆ پێشکەش کردنى هاوکارى و یارمەتى لە ڕووى مرۆیى و بیناکردنى تواناکان کە ئەمەش جێگەى پێزانینە و بۆتە هۆى کەمکردنەوەى ئەرکى سەر شانى حکومەت لەم بارودۆخە داراییە قوڕسەدا.
هەروەها بەڕێزیان پوختەیەکى لەسەر بارودۆخى هەرێمى کوردستان لە ڕووى پرۆسەى سیاسى و ئابورى و پێشوازى لە ئاوارە و پەنابەران و ئەو پێداوویستیانەى کە پێویستە دابین بکرێت نەک تەنها بۆ خەڵکى ئاوارە و پەنابەر و بەڵکو بۆ دانیشتوانى ترى هەرێمیش چونکە بەهۆى لێشاوى ئاوارە و پەنابەران فشارێکى زۆر لەسەر ئەو خزمەتگوزاریانە دروست بووە کە حکومەت پێشکەشى دەکات بە تایبەتى لە ڕووى تەندروستى و پەروەردە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هۆشەنگ محمد بەڕێوەبەرى گشتى ناوەندى هاوبەشى هەماهەنگى قەیرانەکان ووتەیەکى پێشکەش کرد کە تیایداە باسى لە دوایین ئامارەکانى هاتنى ئاوارەکانى موسڵ کرد بۆ هەرێمى کوردستان و ڕێژەى نیشتەجێ بوون لە کەمپەکان و ئەو خزمەتگوزاریانەى کە پێشکەش دەکرێن. هەروەها پرۆسەى گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ شوێنى خۆیان کە پێویستى بە هەوڵى گشتگیر هەیە چونکە نەبوونى خزمەتگوزارى و ئاسایش دەبێتە هۆى زیاتر دواکەوتنى گەڕانەوەى ئاوارەکان.
لەلایەن خۆیانەوە نوێنەرانى ئاژانسە نێودەوڵەتیەکان سوپاسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەیان کرد بۆ ڕێکخستنى ئەم کۆبوونەوە کە سوود بەخش بوو بۆ گۆڕینەوەى بیروڕا و هەروەها جەختیان کردەوە لە گەیاندنى پەیام و داواکاریەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەردەوام دەبن لەسەر کارو چالاکیەکانیان.
ئەوەى جێگەى ئاماژەیە هەریەک لە بەڕێزان نوێنەرى مانگى سورى ئیماراتى و مانگى سورى کوەیتى و مانگى سورى قەتەرى و USAIDى ئەمریکى و JICA ى ژاپۆنى و KOICAى کۆرى و DFID ى بەریتانى و GIZ ى ئەڵمانى بەشداری كۆبوونەوەكە بوون.