ئەنجومەنی ناوەندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان یەکەمین کۆبوونەوەی مانگانەی خۆی لە ساڵی ٢٠١٧ دا ئەنجام دا

ڕۆژی پێنج شەممە، ٢٣ی شوباتی ٢٠١٧، ئەنجومەنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بە سەرپه‌رشتى وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز کەریم سنجاری یەکەمین کۆبوونەوەی مانگانەی خۆی لە ساڵی ٢٠١٧ دا ئەنجام دا بە مەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێكى لەپێشینە کە لە لایەن ناوەندەوە خرابووەڕوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز كەريم سنجارى پوختەیەکی پێشکەش بە ئەندامانی ئەنجومەن کرد سەبارەت بەو تەحەديه‌ سەرەکییانەی لەئێستادا ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە و گووتی "ئێستا، ئێمە پێویستە ڕووبەڕووی سێ تحدى ببینەوە لەوانە، بەردەوام دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ سەرجەم په‌نابەر و ئاوارە و هاوڵاتيانى هه‌رێم و وڵامدانەوەی شاڵاوی لەناکاو و بەردەوامی هاتنى ئاوارەکانی موسڵ هەروەها پڕۆسەی سەقامگیریی و گەڕانەوەی ئاوارەکان."

هه‌روه‌ها وەزیرى ناوخۆ باسى له‌ سياسه‌تى حکومەتی هەرێم سەبارەت بەو تەحەديانه‌ كرد و ڕايگه‌ياند کە پێویستە ئێمە به‌رده‌وامبين له‌ دابینکردنی خزمەتگوازرییە گشتیيه‌كان و به‌رده‌وام هاوكارى پێشكه‌ش به‌ ئه‌و ئاوارانه‌ بكه‌ين كه‌  له‌ موسڵ وحەویجەوە ڕوو له‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن هەروەها پشتگیریی ده‌كه‌ين له‌ سەقامگیریی و گەڕانەوەی ئاوارەکان بەشکۆ و ڕێزەوە و بە ویستی خۆیان بۆ ماڵەکانیان.

جگە لەوەش، بەڕێز سنجاری جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی و هاوکاریی لەنێوان دامودەزگاکانی هەرێم کردەوە و گووتی " هەماهەنگیی و هاوکاریی کليلی سه‌ره‌كيیه‌ بۆ جێبەجێکردنی سياسه‌ت و ستراتیجی حکومەت بە سەرکەوتوویی."

دوای گفتوگۆیەکی ورد و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا له‌لايه‌ن ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن دەربارەی به‌رنامه‌ى كۆبوونه‌وه‌، کۆبوونەوەکە کۆتایی هات به‌ په‌سندكردنى ژماره‌يه‌ك بڕيار و ڕاسپارده‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئاڕاسته‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران بكرێت بۆ زیاتر گفتوگۆکردن و ده‌ركردنى بڕيارى پێويست بۆ ئه‌وه‌ى له‌لايه‌ن دامه‌زراوه‌ په‌يوه‌نداره‌كان جێ به‌جێ بكرێت.  

شايانى باسه‌، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتی ناوەند و نوێنەرانی باڵای وەزارەتەکانی تەندروستی و پلاندانان و دارایی و ئابووری هەروەها وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەڕێوەبەری بەشی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی ناوەند و به‌رێوه‌به‌رانى نووسینگەی وه‌ڵامدانه‌وه‌ى قه‌يرانه‌كان له‌ هەولێر و دهۆک و سلێمانی ئامادەبوون.