شەپۆڵی ئاوارەبوونی دانیشتوانی موسڵ بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە

له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكى ئۆپه‌راسيۆنه‌كانى سه‌ربازیى بۆ ڕزگاركردنى شارى موسڵ له‌ ١٧/١٠/٢٠١٦ تاكو ئێستا زياتر له‌ (٢١٤ هه‌زار) كه‌س ئاواره‌بوونه‌ و له‌و ژماره‌يه‌ زياتر له‌ (١١١ هه‌زار) كه‌س ئاواره‌ى هه‌ردوو پارێزگاى هه‌ولێر و دهۆك بوونه‌. هاتنى ئاواره‌ش به‌رده‌وامه‌ هه‌رچه‌نده‌ لاى چه‌پى موسڵ به‌ته‌واوی كۆنتڕۆڵ كرايه‌وه‌ به‌ڵام ڕۆژانه‌ به‌رده‌وام ئاوره‌ ڕوو له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن و زياتر له‌ (٥٠٠) كه‌س خۆيان ده‌گه‌يەننه‌ سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌ و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ناوه‌ندى پێشوازى و كه‌مپه‌كان ده‌گوازرێنه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ لاى چه‌پى موسڵ به‌ته‌واوى ئازدكراوه‌ به‌ڵام ئاواره‌بوون به‌رده‌وامه‌ و ته‌نیا له‌ماوه‌ى ئه‌م هه‌فته‌يه دا‌ (٢٤٧٣) كه‌س له‌ به‌شى چه‌پى شارى موسڵ و ده‌شتى نه‌ينه‌وا هاتوونه‌ته‌ هه‌ولێر و دهۆك.  

لەنێو ئەو ژماره‌ ئاوارەیەی‌ كه‌ ڕوويان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ تاكو ئێستا ته‌نیا نزیكه‌ى (٤٤ هه‌زار) كه‌س گه‌ڕاونەته‌وه‌ و له‌ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى داهاتوو دا ژماره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ زۆر كه‌م بووەته‌وه‌ و هاتنى ژماره‌ى ئاواره‌ زياتره‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌، ئەمەش به‌هۆى تێكچوونى بارودۆخى ئه‌منیى لاى چه‌پى موسڵ و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارييه‌كان، خه‌ڵكیش ماڵه‌كانيان جێ ده‌هێڵين و زۆربه‌يان ڕوو له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.

هه‌رچه‌نده‌، لە ده‌مه‌زراوه‌ په‌يوه‌ندیداره‌كانی‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ و ئاسيش و پارێزگاكان پڕۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ زۆر خێراكراوه‌ و هاوكاریی و كارئاسانى بۆ هه‌موو ئاواره‌كان ده‌كرێت كه‌ بڕيارده‌ده‌ن به‌ شێوه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه،‌ به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پڕۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ چونکە ئاواره‌كان دڵنيا نين له‌ سه‌لامه‌تى خۆيان و بوونى خزمه‌تگوزارى و ئايينده‌يان دواى گه‌ڕانه‌وه‌.

له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكى پڕۆسه‌ى سه‌ربازى ڕزگاركردنى لاى ڕاستى موسڵ له‌ ٩/٢/٢٠١٧، ده‌يان هه‌زار كه‌س ئاوه‌ربوونه‌ و تاكو ئێستا زياتر له‌ 32 هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوونه‌ و له‌ كه‌مپه‌كانى ڕۆژئاوى موسڵ داڵده‌دراون.

پێشبينى ده‌كرێت، به‌هۆى نزيكبوونه‌وه‌ى ئۆپه‌راسيۆنه‌كان له‌ ناوچه‌ ئاوه‌دان و قه‌ڕه‌باڵغه‌كان سه‌دان هه‌زار كه‌س ئاواره‌ ببن و شه‌پۆڵێكى ترى ئاواره‌ ڕوو له‌ هه‌رێمى كوردستان بكات به‌هۆى نه‌بوونى جێگا و خزمه‌تگوزارى و ئاسايیش له‌ كه‌مپه‌كانى لاى ڕاستى شارى موسڵ. ئه‌وه‌ش دووباره‌ بارگرانيه‌كى تر ده‌خاته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ ئه‌منى و مه‌ده‌نيه‌كان بۆ له‌خۆگرتن و داڵده‌دان و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى به‌ شه‌پۆڵى نوێى ئاواره‌ به‌هۆى نه‌بوونى سه‌رچاوه‌ى دارايى و كه‌لوپه‌لى پێويست، هاوكات نه‌بوونى هاوكاریی ڕاسته‌وخۆى پێويست بۆ دامه‌زاره‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم له‌لايه‌ن به‌غدا و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى و ڕێكخراوه‌كانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كان.

 

هۆشنگ محمد

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى

ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان

 

 

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!