كەریم سنجاری پێشوازی لە وەزیری دەوڵەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و كاروباری دەرەوەی ئینگلتەرا دەكات

 چوارشەممە 12/4/2017 بەڕێز كەریم سنجاری  وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ پێشوازیی لە بەڕێز (توبیاس ئێلیوود) وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی ئینگلتەرا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و شاندێکی یاوەری کرد.

سەرەتای دانیشتنەکە کە بەڕێز كاروان جەمال نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەریتانیا و هۆشنگ محمد بەڕێوەبەری گشتى ناوەندى هاوبەشى هەماهەنگی قەیرانەكان،  ئامادە بوون، سەبارەت بە ڕەوشی مرۆیی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتیش ئاوارەكانی شاری موسڵ و پێداویستیەکانیان و خۆ ئامادەكردن بۆ ئەوەی لەدوای نەمانی داعش پێویستە گفتوگۆی لەسەر كرا.

بەڕێز وەزیری ناوخۆ پوختەیەکی لەسەر ڕەوشی مرۆیی ئێستای ئاوارەکانی شاری موسڵ لە هەرێمی كورستان و ڕەوشی ئاسایشی شارەکە و دوا پێشهاتەکانی خستە ڕوو، هەروەها تیشكی خستە سەر كێشەكانی بەردەم پڕۆسەی سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ڕزگاركراوەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان، لەم ڕووەشەوە چەند پێشنیاریكی خستە بەردەم حكوومەتی بەریتانیا بە مەبەستی سەرخستنی پڕۆسەی سەقامگیری  و پشتگیرى كردنى گشت پێكهاتەكان بەشێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە لە سەرجەم ناوچەكە.

لە بەرامبەریشدا بەڕێز وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی ئینگلتەرا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا سوپاسی هەوڵی كاریگەری حكوومەتی هەرێمی كرد بۆ هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران و، پابەندبوونی حكوومەتی بەریتانیای دووپاتكردەوە لە بەردەوامیی پشتگیری و هاوكارییان، ڕاشی گەیاند كە مەبەستی سەردانەكەی ئەوان دانانی بەرنامەی درێژخایەنە بۆ پڕۆسەی سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوە لەدوای داعش و سوپاسی بەڕێز كەریم سنجاریی كرد بۆ پێشنیارەكان و ڕای گەیاند كە هاوڕان لەگەڵ ئەو پێشنیارانە و كاری جددیان لەسەر دەكەن

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!